Pirtûkxaneya Hemî Îslamê
1

سوێند به به‌ره‌به‌یان.

2

سوێندم به‌و شه‌وانه‌ی که ده شه‌ون (هه‌ندێک ده‌ڵێن ده شه‌وی کۆتایی ڕه‌مه‌زانه‌، هه‌ندێکیش ده‌ڵێن ده شه‌وی سه‌ره‌تای مانگی ذی الحجه‌یه که کاتی ئه‌نجامدانی حه‌جه‌، هه‌ردوو بۆنه‌که‌ش پیرۆزن).

3

سوێند به ئه‌و شتانه که جووتن، هه‌روه‌ها سوێند به هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که تاکن (یاخود سوێند به شه‌وه جووت و شه‌وه تاکه‌کان)

4

به هه‌موو شه‌وێک کاتێک تێده‌په‌ڕێت (له سه‌ره‌نجامی سوڕانه‌وه‌ی زه‌وی به‌ده‌وری خۆیدا).

5

ئایا له‌و شتانه‌دا سوێندی شایسته نییه بۆ که‌سێك خاوه‌نی عه‌قڵ و بیروهۆش بێت؟!

6

ئایا نه‌تزانیووه په‌روه‌ردگاری تۆ چی کرد به هۆزی عاد.

7

که ئه‌ویش هۆزی (ارم) و خاوه‌نی پایه‌ی به‌رزو کۆڵه‌که و نیرگه‌ی درێژ بوون (قه‌ومی عاد له شاری ئیره‌م که باڵابه‌رزو تێکسمڕاو بوون، خانووبه‌ره و کۆشک و ته‌لاری گه‌وره و به‌رزیان دروست ده‌کرد).

8

له سه‌رده‌می ئه‌واندا له هیچ شار و شوێنێکدا، کۆشك و ته‌لاری وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان دروست نه‌کراوه‌.

9

ئایا نه‌تزانیووه قه‌ومی ثمودیش خوا چی لێکردن، ئه‌وانه‌ی له دۆڵ و شیوه‌کانه‌وه به‌ردیان ده‌تاشی و ده‌یانگواسته‌وه بۆ ناو قه‌دی چیاکان و له‌وێ خانوویان دروست ده‌کرد؟

10

هه‌روه‌ها فیرعه‌ونی خاوه‌ن ئه‌هرامه‌کان، (چ کۆشک و بینایه‌کی مه‌حکه‌میان وه‌کو مێخ داده‌کوتی به زه‌ویدا).

11

ئه‌وانه‌ی که سته‌میان به‌رپاکرد له وڵاتداو خه‌ڵکیان ده‌چه‌وسانه‌وه‌.

12

جا خراپه و تاوان و گوناهی زۆریان ئه‌نجامده‌دا.

13

(دوای ماوه‌یه‌کی دیاریکراو) په‌روه‌ردگاری تۆ سزاو خه‌شـم و قینی خۆی ڕژاند به‌سه‌ریاندا و ته‌فرو تونای کردن.

14

به‌ڕاستی په‌روه‌ردگاری تۆ هه‌میشه و به‌رده‌وام ئاماده‌یه که تۆڵه له سته‌مکاران بسێنێت.

15

جا کاتێک ئاده‌میزاد له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاریه‌وه تاقی ده‌کرێته‌وه‌، زێزی لێ ده‌نێت و نازو نیعمه‌تی به‌سه‌ردا ده‌ڕێژێت، ده‌ڵێت: (به خوا وا دیاره‌) په‌روه‌ردگارم خۆشی ده‌وێم ڕێزم هه‌یه لای.

16

به‌ڵام کاتێک تاقی ده‌کاته‌وه و ڕزق و ڕۆزی که‌می پێده‌به‌خشێت و لێی ده‌گرێته‌وه ده‌ڵێت: وا دیاره په‌روه‌ردگارم منی خۆش ناوێت و ڕقی لێمه و ڕیسوای کردووم.

17

نه‌خێر ئه‌و شتانه‌، هیچی وا نیه‌، (نه‌به‌خشین مانی ڕێز و قه‌دره‌، نه‌لێگرتنه‌وه مانای بێ ڕێزی و بێ قه‌درییه‌، به‌ڵکو ئێوه (سه‌ره‌ڕای ئه‌و بیرو بۆچوونه چه‌وتانه‌تان) ڕێزی هه‌تیو ناگرن ونازی پێناده‌ن.

18

هانی یه‌کتر ناده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خۆراک ببه‌خشن به‌هه‌ژار و نه‌داران.

19

میڕاتی ده‌خۆن و هه‌مووی ده‌ماشنه‌وه (حه‌ق خزمان و نه‌دارانی لێ ناده‌ن).

20

ماڵ و سامان و دارایشتان زۆر خۆشده‌وێت (ره‌چاوی حه‌ڵاڵ و حه‌رام ناکه‌ن).

21

نه‌خێر، (هه‌ر ئاوا بۆتان نالوێت)، کاتێك دێت که زه‌وی ورد و خاش ده‌کرێت و له‌ناکاو ده‌درێت به‌یه‌کدا.

22

په‌روه‌ردگارت دێت و فریشته‌کانیش پۆل پۆل (هاتنی په‌روه‌ردگاری مه‌زن خۆی نه‌بێت که‌س نازانێت چۆنه‌).

23

ئه‌و ڕۆژه دۆزه‌خ ده‌هێنرێت و نیشان ده‌درێت، جا ئه‌و ڕۆژه (ئاده‌میزادی بێ باوه‌ڕ) ده‌زانێت چ په‌ندێکی به‌سه‌ر خۆی هێناوه‌، به‌ڵام تازه به‌خۆدا هاتنه‌وه و په‌شیمانی هیچ سوودێکی نیه و دادی نادات؟!

24

(ئه‌وسا به که‌ساسی و هه‌ناسه‌ی سارده‌وه‌‎) ده‌ڵێت: خۆزگه بۆ ئه‌م ژیانه‌م ده‌ست پێشخه‌ریم بکردایه‌.

25

جا ئیتر ئه‌و ڕۆژه که‌س وه‌ک خوا به‌خشم و قین نیه له بێ باوه‌ڕان، له‌به‌رئه‌وه سزایه‌کیان ده‌دات که که‌س ناتوانێت سزای له‌و چه‌شنه بدات.

26

که‌سیش وه‌ک ئه‌و زاته (بێ باوه‌ڕان) نابه‌ستێته‌وه و به‌ندیان ناکات.

27

(شایانی باسه به ئیماندارای سه‌رفراز له سه‌ره‌مه‌رگدا ده‌وترێت) ئه‌ی خاوه‌نی دڵ و ده‌روونی پڕ له ئارامی (ئه‌ی ئاده‌میزادی ژیر و هۆشمه‌ند که له ته‌مه‌نی کۆتای دنیادا په‌روه‌ردگارت ناسی و به‌جوانی ده‌تپه‌رست...).

28

بگه‌ڕێره‌وه بۆ لای په‌روه‌ردگارت که تۆ له‌و ڕازیت و ئه‌ویش له تۆ ڕازیه‌.

29

ده بچۆره ڕیزی به‌نده چاکه نازدار و به‌ڕێزه‌کانمه‌وه‌.

30

بچۆره به‌هه‌شته خۆشه ڕازاوه‌که‌مه‌وه‌.